جوانی بەرهەمی هونەرە، بێگومان هونەری ڕاستەقینە؛ و تێگەیشتن لە ئایین و پێشکەشکردنی بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش و پاڵنەر، خۆی یەکێکە لە گەورەترین هونەرەکان.
وتم: هونەر بۆ دڵ چییە؟
پێکەنی! وتی: هونەر لە داوێنی دەریای ژیاندایە.
وتی: هونەر چرۆی گوڵەکانی ژیانە.
وە لە هەر کوێ گوڵی وەنەوشە و لاله هەبێت، لە هەر شوێنێک شوێنەواری ماتەمینی لە نیگای خەمناکی کەسدا هەبێت، لە هەر شوێنێک ئازار پشتی ژیان بشکێت، لەوێ هونەر وەک خونچەی گوڵ شەپۆلان ئەدا، لەوێ هونەر دیاردەی جوانی ژیانە.
بۆیە ئەرکی هونەر بریتییە لە خوڵقاندنی جوانی و گواستنەوەی بە هاندانی هەستی جوانیناسی، لە ڕێگەی خوڵقاندنی بهرھهمی هونەری لە کەسانی دیکەدا، هونەریش بە دوای هیچ ئامانجێکی تردا ناگەڕێت جگە لە چێژێکی جوانیناسی.
بێگومان ئەو هونەرمەندانەی کە ئیمانێکی بەهێزتریان هەبووە و زیاتر ئاینی بوون، هەوڵەکانیان بۆ دووپاتکردنەوەی بەهاکان بهکار ھێنراوه کە لە کۆتاییدا سوود بە مرۆڤایەتی و ڕاستی دەگەیەنن و ڕۆڵی هونەرمەندی چاکسازیخواز نزیکە لە ئەرکی پێغەمبەرانەوە.
بۆیە:
ژیان جوانە ئەی عاشقی جوانی
بیرمەندە زیندووەکان بگەنە جوانی
لە دابەشکردنێکی گشتیدا دەتوانرێت جوانییەکان بکرێتە دوو بەش: ١-جوانی بیستن ٢-جوانی بینین.
وە هەروەها ئایین پێوەرێک لەبەردەممان دادەنێت سەبارەت بەو جوانییانە و پلەی حەڵاڵ و حەرامیان، کە بە بەکارهێنانی دەتوانین لە پەیوەندی نێوان ئایین و جوانیناسی تێبگەین.
بێگومان تێڕوانینی ئێمە تەنیا ڕوانگەیەکی فیقهیی نییە بۆ باسی جوانی و جوانیناسی؛ بەڵام ڕوانگەی فیقهی هاوچەرخ و سهردهمیانه پهیوەندی بهم باسەوە ھەیە.
خودا هەستی جوانی بە مرۆڤ بەخشیوە و مرۆڤ لە بنەڕەتدا جوانی خۆشدەوێت. بۆیە ناسینی جوانییەکان دوای خۆشویستنیان، یان باشتر بڵێین پێش خۆشویستنیان، دەبێتە پێویست.
ئەگەرچی نەزمی لۆژیکی ئەوەیە کە ئێمە سەرەتا شتێک بناسین و دواتر خۆشمان بوێت یان ڕقمان لێی ببێ، بەڵام سروشتی مرۆڤ ئەم ڕێبازە تێکدەدات، چونکە باسی خۆشەویستی و عەقڵ، پۆلێنێکی فراوان و جێگای باسە.
ئایا مرۆڤ سەرەتا عاشق دەبێت و دواتر ژیر دەبێت، یان سەرەتا ژیره و دواتر عاشق دەبێت؟
لە هەر حاڵەتێکدا خۆشەویستی لە مرۆڤدا زگماکییە و بە ڕواڵەت لە پێش زانین و مەعریفەدایە. بۆیە پێویستە لە سەرەتاوە دەێ پێوەرگەلێک هەبن بۆ ڕێکخستنی خۆشەویستی کە تێکەڵ بە ھەوا و ئارەزووەکان نەبن.
لە بنەڕەتدا ئایین، بۆ سیستماتیککردن و داڕشتنی یاسا بۆ ئەو ھەستە جۆراوجۆرانەی کە لە مرۆڤدا ھەن، ـ لەوانە: ھەستی جوانی و جوانیناسی ـ، ھەندێ یاسا و ڕێسا دابین دەکات کە بەکارھێنانی ئەو یاساگەلە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە باشتر و لۆژیکیتر لە جوانی کەڵک وەر بگرین.
لەسەر بنەمای ئەم ڕوانگەیە، بە کورتی لە جوانی بیستن و پاشان جوانی بینراو دەکۆڵینەوە.
لە کتێبی احیا علوم الدین لە نووسینی ئیمام غەزالی (ل1311 و 1312)دا هاتووە: هەرکەسێک بەدیتنی بەهار و گوڵەکانی و بیستنی دهنگی عودەکەی و گۆرانی وتنەکەی بەھار، ئاگا نەبێتەوە، میزاجی گەندەڵ بووە و چارەسەری نییە.
ئەو کەسەی بە بیستن هان نەدرێت، ناتەواو و ناهاوسەنگ و دوورە لە ڕۆحانیەت. لە توند و تیژی سروشتی خۆیدا، لە وشتر و باڵندە و هەموو ئاژەڵەکان تێدەپەڕێت؛ چونکە ئاژەڵەکان کاریگەری مێلۆدیی و ڕیتمییەکانیان لەسەرە. بۆیە حوکمی بیستن پەیوەستە بەو کاریگەرییەی کە لەسەر دڵەکان هەیەتی. "بۆیە گۆرانی وتن بۆ ڕێکخستنی ژیان پێویستە، بە شێوەیەک کە بیکاتە سەرچاوەی بەرهەمێک کە مرۆڤ چاوەڕێی هیوای لێ بکات".
«لھو»ی ڕێگەپێدراو، ئاسوودەییە بۆ دڵەکان و کەمکەرەوەی ماندوێتیه لە بیرکردنەوە. بۆیە «لھو»، دەرمانێکە بۆ دڵ لە ئازاری ماندوێتی و ئازارەکان بە مەرجێک زۆر وروژێنەر نەبێت یان زۆر خەمناک نەبێت. بەڵام نابێت زیادەڕەوی بێت، هەروەک چۆن مرۆڤ نابێت زیادەڕەوی لە دهوا و دهرمانخواردن بکات.
هەروەها گرنگە لەبیرمان بێت کە: گۆرانی وتن یەکێکە لەو جوانییە بیستراوانەی کە خودا دروستی کردووە؛ دەنگی بولبول و باڵندە جۆراوجۆرەکان، دەنگی ئاو و... ھتد.
دەنگی خۆشی مرۆڤ بە مەرجێک کە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕۆح و بەرزکردنەوەی هەستەکان و خوڵقاندنی شادی بێت، جا چ شتێکی ئاسایی بێت یان ئامێری مۆسیقای لەگەڵدا بێت؛ ڕێگه پێدراوه و ئەو فەرموودانەی کە سەبارەت بە قەدەغە و حەرامکردنی بەکارهێنانی ئامێری مۆسیقا باسکراون، بەپێی ئهو بهڵگانەی ئیمامی ئیبن حزم و قورتوبی، زۆربەیان پووچەڵن. وە هەروەها ئیمامی ئەبو حەنیفە ئامێرە موزیکییەکان بە کاڵایەکی ڕێگەپێدراو دەزانێت و دەڵێت: «هەرکەسێک شمشماڵێ یان عوودێک بدزێت، دەستی دەبڕدرێت، هەرکەسێک بیانشکێنێت، دەبێت پارەی زیانەکانی بدات».
بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ جوانییە بینراوەکان (هونەری سازکردن) وەک نیگارکێشان و پەیکەرسازی، کە لە ڕاستیدا دەرئەنجامەکانی گەشەکردنی هەستی خۆشەویستی جوانیناسین لە لایەنی بینراوەوە و بە ئاراستەی دەربڕینی داهێنان و پهروهردهکردن و تێرکردنی هەستی خۆشەویستی جوانیناسی، هەمان حوکمی جوانییە بیستراوەکانیان هەیە. تێڕوانینی ئایین بۆیان ڕوانگەیەکی مەعقول و لۆژیکییە و بە ڕێگەپێدراو و حهڵاڵی دەزانێت و حوکمه شهرعییەکانیان پەیوەستە بەو ئامانج و مەبەستانەی کە بۆ دروستکردنیان بهکارھێنراون. ئەگەر ببنە ئامرازی شیرک و تەشەنەکردنی، حەرامە، بێجگه لهمه مهباح و دروست و ڕێگە پێدراون.
قسەی کۆتایی ئەوەیە کە خودا کە خاوەنی ئایینە، خۆی جوانە و جوانیشی خۆشدەوێت؛ بۆیە بەندکانی بۆ بەجێھێنانی بهنداییەتی ، دەبێت ئەو شتەی خۆشبوێت کە دروستکەری جوانی خۆشی دەوێت، وەک ئیمامی موسلیم لە پێغەمبەرەوە گێڕاویەتەوە کە:
«إِنَّ اللهَ جَمِیلٌ وَ یُحِبُّ الجَمٰالَ»
واتە: بەڕاستی خوای گەورە جوانە و جوانی خۆشدەوێت.
سەرچاوەکان:
1. قورئانی پیرۆز.
2. ڕەیسونی، ئەحمەد. ئامانجەکانی ئایین لە ڕوانگەی ئیمامی شاطبیهوه.
3. عمّاره، محمد. ئیسلام و هونەرە جوانەکان. وەرگێڕانی ماجید ئەحمەدی.
4. غەزالی، محمد (ئیمام محمد غەزالی). احیاء علوم الدین (زیندووکردنەوەی زانستەکانی ئایین).
5. نەواوی، یەحیای کوڕی شەرەف (ئیمامی نەوەوی). أربعین نووی.

بۆچوونهکان